§١. ناو، ناوەند و شوێنی چالاکی
ناوی ڕێکخراوە ”Kurdiliitto ry”، ناوەندی چالاکیەکانی شاری هێلسینکی و بازنەی چالاکیەکانی هەموو فینلاند دەگرێتەوە. لەم دەستوورە ڕێکخراوە بە ناوی فیدراسیۆن پێناسە کراوە.
زمانەفەرمیەکانی فیدراسیۆن بریتین لە فینلاندی و کوردی بە زاراوەکانی کورمانجی و سۆرانی. نووسراوەکانی فەرمی بە پێی دەستووری کاری ڕێکخراوەی و پێویستیەکانی فیدراسیۆن بە هەر دوو زمان ئامادە دەکرێن.
ناوی فیدراسیۆن بە زمانە جیاوازەکان بە شێوەی خوارێ یە:
کوردی: فیدراسیۆنی کوردانی فینلاند Federasyona kurdên Fînlandê
سوێدی: Finska kurdiska federationen
ئینگلیسی: Finnish Kurdish Federation
§٢. ئامانجەکان
فیدراسیۆن لە بواری ئیدئولۆژی، سیاسی و ئایینیەوە سەربەخۆیە. فیدراسیۆن لایەنگری دێمۆکراسی، یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە.
١. فیدراسیۆن پشتگیری لە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵەکانی ئەندام و کۆمەڵگەی کوردی لە فینلاند دەکات:
فیدراسیۆن پێک هاتووە لە کۆمەڵەکانی چالاک لە وڵاتی فینلاند. وەک یەکێتیی کۆمەڵەکان فیدراسیۆن دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ گەشەکردنی کۆمەڵەکانی ئەندام و پتەوکردنی پێوەندی و هاوکاری نێو انیان. فیدراسیۆن سەربەخۆ و پێکەوە لە گەل کۆمەڵەکانی ئەندامی لە پێناو بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە ی کوردی لە فینلاند کار دەکات.
٢. فیدراسیۆن یارمەتیدەری خۆگونجاندنی کوردانە لە گەل کۆمەڵگە ی فینلاندی:
فیدراسیۆن هەول دەدات لە ڕێگای چالاکیەکانیەوە پشتگیری و پاڵپشتی ئەندامانی کۆمەڵگە بکات بۆ خوێندن، کارکردن، دامەزراندنی شەریکەی تایبەت و بەشداریی لە چالاکیەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە فینلاند. فیدراسیۆن وەک هێزەکی سازندە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندی و دیالۆگ و لەیەکترتێگەیشتنی کۆمەڵگە ی کوردی و فینلاندی دەدات.
٣. فیدراسیۆن پشتگیری لە مافی چارەنووسی گەلی کورد لە ڕێگەی ئاشتیانە دەکات:
فیدراسیۆن هەوڵ دەدات بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و پرسی کورد بخاتە نێو ڕۆژەڤی فینلاند و ببێتە پردی پەیوەندی و هاوکاری لە نێو ان کوردستان و فینلاند.
§٣. شێوەی چالاکی
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی فیدراسیۆن:
١. سمینار، کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ ئەندامان و لایەنەکانی پەیوەندیداری تر ڕێکدەخات.
٢. بۆ بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و پرسەکانی کۆمەڵایەتی و وشیاریی گشتی جێژن و چالاکی ڕێکدەخات.
٣. لە پێناو جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی پێگەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە ی کوردی لە فینلاند پڕۆژەی پێویست بەڕێوەدەبات.
٤. یارمەتی ڕێکخراوەکانی ئەندامی دەکات بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی کار و چالاکیەکانی پێویست بۆ کۆمەڵگە ی کوردی
٥. بۆی هەیە لە پەیوەندی لە گەل ئامانجەکانی کار و چالاکیی بازرگانی بکات.
٦. چالاکانە لە وتووێژی کۆمەڵایەتی هەڵوێست دەگرێت، هەوڵ دەدات لە ڕاگەیاندن فرەلایەن بێت و لە بوارەکانی کۆمەڵگە ی فرەفەرهەنگ، کوردانی فینلاند و فینلاند و کوردستان بە گشتی بابەت بڵاو بکاتەوە.
٧. دەبێتە پردی پەیوەندی لە نێو کۆمەڵگە ی کوردی و فینلاندی و ناوەندەکانی بڕیاردان و هاوکاری لە گەڵ دامودهزگاکانی حکومی و ڕێکخراوەکان و لایەنەکانی پەیوەندیداری نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بکات بۆ بەرەپێشبرندی ئامانجەکانی.
٨. بۆ جێبەجێکردنی ئامانج و کارەکانی دەستە و کۆمیتەکانی پێویست پێکدێنێت.
٩. کوردی ساڵ لە نێو کوردانی فینلاند خەڵات دەکات و ئەندامەتی شانازیی پێی دەبەخشێت.
١٠. لە گەل فیدراسیۆنەکوردیەکانی وڵاتانی تری ئەوروپا هاوکاری دەکات و هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی هاوبەش کە نوێنەرایەتی کوردانی تاراوگە و بەتایبەت کوردانی دانیشتووی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکات.
بۆ پاڵپشتیی کارەکانی فیدراسیۆن بۆی هەیە لەم دەرفەتانە کەڵک وەربگرێت:
١. یارمەتیی دڵخواز و وخێرخوازی لە لایەنەکانی فینلاندی و نێونەتەوەیی وەربگرێت.
٢. شوێن، ناوەند و پێداویستیەکانی تری بە کرێ بگرێت یا بکڕێت.
٣. بەرهەم و خزمەتگوزاریی پەیوەندیدار بە کارەکانی وەک سەرچاوەی داهات بەکاربێنێت.
٤. بە پێی یاسایەکانی وڵات یارمەتی کۆدەکاتە و تیروپشک ئەنجام بدات.
٥. خەڵات و یارمەتی مرۆڤدۆستانە وەردەگرێت.
§٤. ئەندامەتی
١. کۆمەڵەکوردیەکان و ئەم کۆمەڵانەی کە پشتگیری کوردان دەکەن و ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ ئەکەن ئەکرێت وەک ئەندامی فیدراسیۆن وەربگیرێن:کۆمەڵە ئەبێ لانی کەم ١٠ ئەندامی هەبێت
کۆمەڵە ئەبێ چالاک بێت و دوای تۆمارکردن لانی کەم ساڵێک کاری کردبێت.
کۆمەڵە ئەبێ ئامانجەکان و دەستووری فیدراسیۆن قەبوول بکات.
کەسانی ئاسایی و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی تر ئەکرێت وەک ئەندامی لایەنگر وەربگیرێن. لە کۆبوونەوەکانی گشتی ئەندامانی لایەنگر مافی دەنگدانیان نیە.
٢. داوای ئەندامەتی بە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەندامەتی دەکرێت. دەستەی بەڕێوەبەریی فیدراسیۆن پێداچۆنەوە لە داوای ئەندامەتی دەکات و بڕیاری وەرگرتنی ئەندامان دەدات. لە گەل فۆرمی ئەندامەتی پێویستە بەڵگەی تۆماری فەرمی کە لە ٣ مانگ کوونتر نەبێت و ڕاپۆرتی چالاکیەکانی ساڵی رابردوو و پلانی کارەکان و یا خۆ نووسراوەیەک کە باسی چالاکیەکان و بوواری دارایی کۆمەڵە بکات، بنێردرێت.
٣. فیدراسیۆن بە یەکسانی و بێ جیاوازی مافی هەموو ئەندامان لەبەر چاو دەگرێت. یارمەتی لە بواری شارەزایی و دارایی بۆ کۆمەڵەکانی ئەندام بە پێی دەرفەتەکان و پرۆژەکانی پێشکەشکراو و لە سەر ئەساسی لە یەکتر تێگەیشتن و بڕیاری هاوبەش و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەبێت.
٤. کۆمەڵەکانی ئەندام پێویستە هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەکانی گشتی ناوی بەرپرس و نوێنەریان لە کۆبوونەوە بە فیدراسیۆن ڕابگەیێنن.
٥. لە سەر پێشنیاری دەستەی بەڕێوەبەری و بە بڕیاری کۆبوونەوەی گشتی سەرۆکی شانازی یا ئەندامی شانازی ئەکرێت بە کەسێک بدرێت کە بە ڕێژەیێکی بەرچاو یارمەتیدەر بووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی فیدراسیۆن و پشتگیری لە کاروباری فیدراسیۆن کردووە. کۆمەڵەکانی ئەندام ئەنوانن لەم بوارە دا پێشنیارەکانیان بۆ دەستەی بەڕێوەبەری بنێرن. ئەندامی شانازی لە دانی حەقی ئەندامەتی سەربەست کراوە. ئەم کەسانەی کە خەڵاتی کوردی ساڵیان پێدەدرێت ئەندامی شانازین. سەرۆک و ئەندامانی شانازی مافی دەنگدانیان لە کۆبوونەوەکانی گشتی نیە.
§٥. وازهێنان لە ئەندامەتی و دەرکردنی ئەندام
فیدراسیۆن بۆی هەیە ئەندامێک کە بۆ ماوەی دوو ساڵ حەقی ئەندامەتیی نەدابێت، وای دانێت کە وازی لە ئەندامەتی هێناوە. ئەندامانی فیدراسیۆن ئەتوانن بە ناردنی نامە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری و یا سەرۆکی فیدراسیۆن و یاخۆ بە ڕاگەیاندنی فەرمی لە کۆبوونەوەی گشتیی فیدراسیۆن لە ئەندامەتی فیدراسیۆن وازبێنن.
کۆبوونەوەی گشتیی فیدراسیۆن ئەتوانێت ئەندامێک لە فیدراسیۆن دەر بکات، کە حەقی ئەندامەتیی نەدابێت، ئەرکەکانی ئەندامەتی جێبەجێ نەکردبێت، بە کار و کردەوەکانی زیانی بە فیدراسیۆن گەیاندبێت و یا لە بواری یاسایی و دەستووری فیدراسیۆن مەرجەکانی ئەندامەتی بەجێ نەهێنابێت.
پێش دەرکردن لە فیدراسیۆن ئەبێ بە ئەندام دەرفەت بدرێت کە قسەی خۆ بکات، بە مەرجێک کە هۆی دەرکردن نەدانی حەقی ئەندامەتی نەبێت. بڕیاری دەرکەردن ئەبێ بە نووسراوە بێت و دەبێ لە نێوی دا ئاماژە بە هۆی دەرکردنەکەی بکرێت.
§٦. حەقی بوون بە ئەندام و ئەندامەتی
لە ئەندامان و لایەنگرانی فیدراسیۆن ساڵانە حەقی ئەندامەتی یا لایەنگری وەردەگیرێت. ڕێژەی حەقی بوون بە ئەندام، ئەندامەتی و لایەنگری لە کۆنگرەی ساڵانە دیاری دەکرێت.
حەقی ئەندامەتی ئەبێ پێش کۆتایی مانگی ٩ لە ژمارەحیسابی فیدراسیۆن بکرێت. ئەندامان، لایەنگران و لایەنەکانی تر ئەتوانن بە ویستی خۆیان یارمەتی بە فیدراسیۆن بدەن. سەرۆکی شانازی و ئەندامی شانازی لە دانی حەقی ئەندامەتی سەربەست کراون.
§٧. کۆبوونەوەکانی فیدراسیۆن
فیدراسیۆن هەر ساڵ دوو کۆبوونەوەی گشتیی ئاساییی هەیە. کۆبوونەوەی بەهاریی لە مانگەکانی ٤ تا ٦ و کۆنگرەی ساڵانە لە مانگەکانی ١١ تا ١٢ لە کاتێک دا کە لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریی دیاریکراوە بەڕێوەدەچێت.
بانگهێشت بۆ کۆبوونەوەکانی گشتی ئەبێ لانی کەم سێ (٣) هەفتە پێش کۆبوونەوە بە ناردنی ئیمایل و لە کاناڵەکانی تری ڕاگەیاندنی فیدراسیۆن بڵاو بکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەکانی گشتی هەر ئەندامێک دەنگێکی هەیە.
لە کۆبوونەوەکانی گشتی مافی بەشداری و دەنگدان تەنیا بەم ئەندامانە دەدرێت، کە حەقی بوون بە ئەندام و ئەندامەتیان لە کاتی خۆی دا درابێت.
لە کۆبوونەوەکانی گشتی مافی بەشداری و قسەکردن بە سەرۆک و ئەندامانی شانازی، لایەنگران، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، کارمەندانی فیدراسیۆن و کەسانی تری بانگهێشتکراوی کۆبوونەوە دەدرێت. کۆبوونەوەی گشتی ئەتوانیت مافی بەشداری و قسەکردن بە کەسانی تریش بدات کە داوایان کردبێت.
ئەندامانی فیدراسیۆن، دەستەی بەڕێوەبەری و ئۆرگانەکانی دیاریکراوی دەستەی بەڕێوەبەری ئەتوانن پێشنیار بۆ کۆنگرەی ساڵانە بنێرن. پێشنیارەکان و بابەتەکانی تر کە پێویست بێ لە کۆبوونەوەی گشتی باس بکرێت، ئەبێ بە نووسراوە و لانی کەم شەش (٦) هەفتە پێش کۆبوونەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری بنێردرێت.
ئەگەر لە دەستووری فیدراسیۆن بە جیا ئاماژەی پێنەکرابێت، دەنگی زۆڕینە بڕیاری کۆبوونەوەی گشتی پێک دێنێت. ئەگەر ڕێژەی دەنگەکان وەک یەک دەربچن، دەنگی بەڕێوەبەری کۆبوونەوە دەبێتە بڕیار، بەڵام لە کاتی هەڵبژراردن دا بڕیاری کۆتایی بە تیرۆپشک ئەنجام دەدرێت. هەڵبژاردن بە دەنگدانی نهێنی دەبێت. لە سەر کاخەزی دەنگدان ئەبێت ناوی ئەو چەند کەسە بنووسرێت کە قەرارە هەڵبژێردرێن. ئەگەر قەرار بێت تەنیا کەسێک هەڵبژێردرێت، هەڵبژاردن بە دەنگی زۆڕینە دەبێت. ئەگەر هیچ کام لە بەربژێرەکان لە قوناغی یەکەم دەنگی زۆڕینە بەدەست نەهێنن، هەڵبژاردن دەچێتە قوناغی دووهەم و تێیدا دەنگ بە ئەم دوو کەسە دەدرێت کە دەنگیان لە ئەوانی تر زیاتر بووە. لە هەڵبژاردن دا ئەو کەسەی کە دەنگی زۆڕینە بە دەست دێنێت هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر لە قوناغی دووهەم ڕێژەی دەنگەکانی هەردوو لا وەک یەک بن بە تیرۆپشک بڕیار دەدرێت. ئەگەر لە هەڵبژاردن دا زیاتر لە دوو بەربژێر هەبێت دەنگدان بە شێوەی نسبی ئەنجام دەدرێت. لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگ ئەکرێت تەنیا بە کەسانێک بدرێت کە بەربژێرن.
کۆبوونەوەی بەهاری
ناوەرۆکی کۆبوونەوەی بەهاری ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
١. کردنەوەی کۆبوونەوە
٢. هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی کۆبوونەوە، سکرتێر، دوو کەسی چاودێر و ئەگەر پێویست بکات دوو کەسی دەنگژمێر
٣. ڕاگەیاندنی یاساییبوون و مافی بڕیاردانی کۆبوونەوە
٤. پەسەندکردنی لیستی کاری کۆبوونەوە
٥. پێداچۆنەوە بە ڕاپۆرتی دارایی و چالاکیەکانی ساڵی ڕابردوو و نامەی چاودێرانی دارایی
٦. پەسەندکردنی ڕاپۆرتی دارایی و چالاکیەکانی ساڵی ڕابردوو و سەربەستکردنی دەستەی بەڕێوەبەریی ساڵی ڕابردوو و بەرپرسانی تر لە بەرپرسایەتی
٧. پێداچۆنەوە بە بابەتەکانی تر کە لە بانگهێشتنامەی کۆبوونەوە دیاری کراون.
٨. کۆتایی کۆبوونەوە
کۆنگرەی ساڵانە
ناوەرۆکی کۆنگرەی ساڵانە ئەم خاڵانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت:
١. کردنەوەی کۆبوونەوە
٢. هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری کۆبوونەوە، سکرتێر، دوو کەسی چاودێر و ئەگەر پێویست بکات دوو کەسی دەنگژمێر
٣. ڕاگەیاندنی یاساییبوون و مافی بڕیاردانی کۆبوونەوە
٤. پەسەندکردنی لیستی کاری کۆبوونەوە
٥. پەسەندکردنی بەرنامەی کار و بودجە بۆ ساڵای داهاتوو
٦. دیاریکردنی حەقی بوون بە ئەندام و ئەندامەتی بۆ ساڵی داهاتوو
٧. هەڵبژاردنی سەرۆکی فیدراسیۆن
٨. هەڵبژاردنی شەش(٦) تا دە(١٠) ئەندامی تری دەستەی بەڕێوەبەری و سێ (٣) تا پێنج (٥) ئەندامی جێگر. ڕێژەی دەنگەکان، نۆرەی ئەندامانی جێگر دیاری دەکات.
٩. هەڵبژاردنی دوو (٢) چاودێری دارایی و پێویست بێت جێگر بوویان. ئەگەر فراوانیی کاروباری فیدراسیۆن پێویستی بزانێت ئەکرێت بە جێگەی چاودێرانی خۆبەخش کەسانی پسپۆری یاسایی بۆ ئەم کارە ئەرکدار بکرێن.
١٠. پێداچۆنەوە بە پشنیارەکان و هەڵوێستەکانی دەستەی بەڕێوەبەری لە سەریان.
١١. پێداچۆنەوە بە بابەتەکانی تر کە لە بانگهێشتنامەی کۆبوونەوە دا دیاری کراون.
١٢. کۆتایی کۆبوونەوە
کۆبوونەوەی نائاسایی
کۆبوونەوەی گشتیی نائاسایی لە کاتێک دەگیرێت، کە کۆبوونەوەی گشتی بڕیاری لە سەر بدات، دەستەی بەڕێوەبەریی بە پێویستی بزانێت یا یەک لە سەر دەیی (١٠/١) ئەم ئەندامانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە بە نووسراوە لە دەستەی بەڕێوەبەریی داوا بکەن. دەستەی بەڕێوەبەریی پێویستە لە ناو دوو (٢) مانگ دوای وەرگرتنی داواکاریی بانگهێشتی کۆبوونەوەی گشتی بکات.
لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەم بابەتانە باس دەکرێن کە لە بانگهێشتنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە و یا لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری بۆ کۆبوونەوە پێشنیار کراون.
کۆبوونەوەی نائاسایی هەمان ئەرک و بەرپرسایەتیی هەیە کە کۆبوونەوەکانی ئاسایی گشتی هەیەتی.
§٨. دەستەی بەڕێوەبەریی
دەستەی بەڕێوەبەری کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆن بەڕێوەدەبات. ئەم دەستەیە لە سەرۆک، کە بە سەرۆکی فیدراسیۆن ناو دەبرێت، و لە ٦ تا ١٠ کەسی ئەندام و ٣ تا ٥ ئەندامی جێگر پێک دێت کە لە کۆنگرەی ساڵانە بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
بەربژێرانی دەستەی بەڕێوەبەری لە لایەن کۆمەڵەکانی ئەندام دیاری دەکرێن. هەر کام لە کۆمەڵەکانی ئەندام بۆیان هەیە لە هەڵبژاردن یەک کەس بۆ سەرۆکایەتی و یەک کەس بۆ ئەندامەتی دەستەی بەرێوەبەری دەستنیشان بکەن. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک، ئەم کەسانەی کە هەڵنەبژێردرابن ئەتوانن خۆیان بۆ ئەندامەتی دەستەی بەڕێوەبەری کاندید بکەن بە مەرجێک کە کۆمەڵەکەیان کەسێکی تری دەستنیشان نەکردبێت.
سەرۆکی فیدراسیۆن ئەکرێت تەنیا بۆ ماوەی دوو دەورە بە دوای یەکدا هەڵبژێردرێت.
ئەم کەسانەی کە کاندید دەکرێن دەبێ کەسانی جێگەی متمانە بن و شوێنی ژیانیان لە فینلاند بێت.
دەستەی هەڵبژێردراو لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری دا جێگری سەرۆکی فیدراسیۆن هەڵدەبژێرێت و ئەرکەکانی سکرتێر و بەرپرسی دارایی و ئەوانی تری پێوێست، بە ئەندامانی خۆی یا کەسانی دەرەوەی دەستەی بەڕێوەبەری دەسپێرێت.
دەستەی بەڕێوەبەری بۆی هەیە مافی بەشداری و قسەکردن لە کۆبوونەوەکانی بە کەسانی ترش بدات. لە کاتێک دا کە سەرۆکی فیدراسیۆن ئامادە نەبێت، جێگری سەرۆک کارەکان بەڕێوەدەبات. دەستەی بەڕێوەبەری ئەتوانێت کۆمیتە و گرۆپەکانی جیاواز بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان دامەزرێنێت.
دەستەی بەرێوەبەری ئەبێت لانی کەم حەوت جار لە ساڵێکدا کۆببێتەوە.
بانگهێشتی کۆبوونەوە دەبێ لانی کەم هەفتەیێک پێشوەخت بۆ ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری بنێردرێت. لە کاتی پێویستدا دەستەی بەڕێوەبەری ئەکرێت بە ڕیگەی تەلەفۆن ڕۆژێک پێش کۆبوونەوە ئاگادار بکرێنەوە. بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی دەستەی بەڕێوەبەری بۆی هەیە بە ڕێگەی کاناڵەکانی ئینترنێتی راوێژ و وتووێژ بکات و بڕیار بدات.
دەستەی بەڕێوەبەری لە کاتێک دا مافی بڕیاردانی هەیە، کە نیوەی ئەندامانی دەستە لە گەل سەرۆک یا جێگری سەرۆک ئامادەبن. لە دەنگدان ڕای زۆڕینە دەبێتە بڕیار. لە کاتێک دا کە ڕێژەی دەنگەکانی هەردوو لا وەک یەک بن، ڕای سەرۆک دەبێتە بڕیار. لە کاتی هەڵبژاردن ئەگەر ڕێژەی دەنگەکانی هەردوو لا وەک یەک بن بە تیرۆپشک بڕیار دەدرێت.
ئەرکەکانی دەستەی بەڕێوەبەری سەرەڕای ئەرکەکانی یاساییی بریتین لە:
١. بەڕیوەربردنی کاروباری فیدراسیۆن، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی گشتی و بەرەوپێشبردنی ڕێکخراوە
٢. ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی گشتی، ناونووسیکردنی نوێنەرانی کۆمەڵەکانی ئەندام و ئامادەکردنی بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی گشتی
٣. هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی بواری دارایی و بەرپرسایەتی لە دارایی فیدراسیۆن
٤. دیاریکردنی دەستەی کاریی پێویست
٥. دیاریکردنی ئەرکەکانی کارمەندانی فیدراسیۆن
٦. یارمەتیدان بە کۆمەڵەکانی ئەندام و چاودێری لە سەر جێبەجێکردنی دەستوور و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی گشتی
٧. پەسەندکردنی ئەندامان نوێ و تۆمارکردنی لیستی ئەندامان
دەستەی بەڕێوەبەری بۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان کۆمیتە و گرۆپی کاریی پێویست دامەزرێنێت و ئەندامەکان و کاتی چالاکیی دیار کات.
ئەگەر دەستەی بەڕێوەبەریی بۆخۆی رازی بێت، ئەتوانن کۆبوونەوەکانیان بە ڕێگەی تەلەفۆن، ئینتێرنێت و یا ئامێرەکانی تر ئەنجام بدەن.
§٩. واژۆکردن بە ناوی فیدراسیۆن
سەرۆکی فیدراسیۆن بە تەنیا و یا دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پێکەوە ئەتوانن بە ناوی فیدراسیۆن واژۆ بکەن.
§١٠. دەورەی دارایی و چاودێری
دەورەی چالاکی و دارایی فیدراسیۆن لە ١/١ تا ٣١/١٢ی ساڵی زایینی یە.
ڕاپۆرتی ژمێریاریی و چالاکیەکانی ساڵانه ئەبێ لانی کەم دوو هەفتە پێش کۆبوونەوەی بەهاری بۆ چاودێران بنێردرێت. چاودێران ئەبێ هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی بەهاری ڕاپۆرتەکەیان بۆ دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێبکەن.
§١١. کارمەندانی فیدراسیۆن
چاودێری کردن لە کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆن ئەرکی دەستەی بەڕێوەبەرییە. فیدراسیۆن ئەبێ بە پێی دەستوور و بڕیاڕەکانی کۆبوونەوەکانی گشتیی فیدراسیۆن بەڕێوە بچێت. سەرۆکی فیدراسیۆن، بەڕپرسی کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆن و کەسانێک کە لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری دیار دەکرێن ئەتوانن نوێنەرایەتیی فیدراسیۆن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەکانی ئەندام بکەن.
دەستەی بەڕێوەبەری بەڕپرسی کار و چالاکیەکانی فیدراسیۆن و کارمەندەکانی تر هەڵدەبژێرێت. دەستەی بەڕێوەبەری بۆی هەیە بۆ ئەم ئەرکە دەستەیێکی تایبەت دیاری بکات. کارمەندان کارەکانیان بە پپێ ڕێنمایی و بڕیارەکانی دەستەی بەڕێوەبەری و بڕیاری پەسەندکراو ئەرک و کارەکانیان جێبەجێ دەکەن. بەڕپرسی کار و چالاکیەکان دەستوور لە سەرۆکی فیدراسیۆن وەردەگرێت. کارمەندەکانی تر لە ژێر چاودێری بەڕپرسی کار و چالاکیەکان کار دەکەن. ئەم کەسانەی کە لە فیدراسیۆن کار دەکەن ئەبێ دەستووری فیدارسیون پەسەند بکەن و ڕێزی لێ بگرن.
§١٢. گۆڕینی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن
گۆڕێنی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە پێویستی بە سێ لە سەر چواری (٤/٣) دەنگەکانی کۆبوونەوەی گشتیی فیدراسیۆن هەیە. باسی گۆڕینی دەستوور یا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە ئەبێ لە بانگهێشتنامەی کۆبوونەوە دا نووسرابێت.
لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆن، دارایی ڕێکخراوە ئەبێ بە پێی بڕیاری کۆبوونەوەی گشتی لە پێناو ئامانجەکانی ڕێکخراوە خەرج بکرێت. لە کاتی تێکچوونی فیدراسیۆن دارایی ڕێکخراوە پێویستە هەر بۆ ئەم مەبەستە بەکار بهێندرێت.
دەستووری فیدراسیۆن لە کۆنگرەی دامەزراندنی فیدراسیۆن لە ٢٠/١٢/٢٠١٤ پەسەندکرابوو.
فیدراسیۆن لە ٥/٣/٢٠١٥ بە فەرمی تۆمار کراوە.
ئەم دەستوورەی نوێ کراوەتەوە، لە کۆبووەنەوەی بەهاریی فیدراسیۆن لە ١٠/٦/٢٠١٨ پەسەند کراوە.
ئەم دەستوورە لە لایەن تۆمارگەی ڕێکخراوەکانی فینلاند لە ٢١/٨/٢٠١٨ فەرمی کراوە.
دەستوور بە زمانەکانی فینلاندی و کوردی (بە کورمانجی و سۆرانی) بڵاو کراوەتەوە.